شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: بای وادە لەبارەی شیعر: (قاقڵاوا، ١٣٥٠ ی هەتاوی) - لاپەڕە ٦٦ و ٦٧ی چاپی جەعفەر و ١٥٣ و ١٥٤ی چاپی ئەنیسی ئەی شنەی خۆشی بەهار، بای وادە، هەر تۆی شارەزا بۆ کەژ وکۆسار و دەشت و لووتکەیی بەرزی چیا [١] چاوەڕێ بووم زوو نەهاتی، بۆ نەهاتیم بوو مەگەر؟ لارەمل بووم وەک وەنەوشە، ئاخری ئەستۆم شکا [٢] چاوی خۆم هێندە بڕیبوو من لە ڕێگای هاتنت هەر وەکوو نێرگس لە باغ و گوڵشەنا چاوم ڕوا [٣] گیانەکەم! چابوو کە هاتی، وەک هەناسەی من نەبووی ساردوسڕ، بێ خێر و بێ قازانج و ئامانج و سەفا وا شوکور ئەوڕۆ شنەت هات و گەشاوە مێرغوزار داغدارە بەفر و لێی قەوما، هەرەس پشتی شکا [٤] ئەی نەسیمی بەربەیانانت وشەی ژینی نوێ! ئەی کزەی خۆشت حەکیمی حازیقی دەرد و بەڵا بۆ گوڵ و گوڵزار و باغ و چیمەن و دەشتی وڵات تۆی دەبەخشی دیمەن و تۆی مایەیی نەشوونوما داری گوڵ، سەرو و چنار و لالەزار و نارەوەن ڕێک لە خۆشیی تۆ ئەوا کەوتوونە هەڵپەڕکێ و سەما [٥] لالە و نەسرین و گوڵ، سونبول، وەنەوشە و یاسەمەن نێرگس و شەوبۆ هەموو پڕ غونچە وو بەرگ و گەڵا کوندەبوو خوێندی لە شاخ و بولبول و قومری لە باخ هەریەکێ هاوار ئەکا: وا با، خەڵات پەخشان ئەکا کانیاو تۆقین لە بن بەرد و خڕیش پڕ بوون لە ئاو مێرگ و دەشت و دەر ژیاوە، بۆتە یەک حەشر وحەلا ڕێک وەدەر کەوتن کوڕ وکاڵ، پیر وجوان دەس لە ناو دەستان، بە هەڵپەڕکێ ڕەفیق و ئاشنا کەس نەما ئەمڕۆ لە شار ودێ، هەموو چوونە دەرێ هەر 'ئیمامی' ما لە ماڵێ، بێ سەڵا وو بێ سەدا ١. چاپی ئەنیسی: چییا ٢. لە چاپی ئەنیسیدا نیشانەی پرسیار لە کۆتایی هەردوو میسراعی فەردەکە دانراوە و لام وایە دووهەمیان هەڵەی چاپ بێت، دەنا پێویستییەکی بۆ نییە. ٣. چاپی ئەنیسی: رووا ٤. میسراعەکە سێ ڕستەیە و سێ کرداری تێدا گونجاوە و بەو حیسابە دەکرێ سێ ڕستەش بێت: داغدارە، لێی قەومکا و پشتی شکا. بەرکارەکان تەنیا دوانن: بەفر و هەرەس. کەوابوو دەبێ دوو لەو کردارانە بگەڕێنەوە بۆ بەفر یان هەرەس. چاپی جەعفەر بەم شێوەیەیە: 'لێی قەوما هەرەس، پشتی شکا'. من شێوازی ئەنیسیم ڕەچاو کرد کە دوو کرداری بۆ بەفر گرتۆتە بەرچاو: 'داغدارە بەفر و لێی قەوما'. ٥. هەردوو چاپەکە وەک 'خۆشی'یان تۆمار کردووە.